Thursday, July 21, 2005

كورد و تیرۆر؟

یه‌کێک له‌و کۆمه‌ڵگا وژینگانه‌ی که پێمان وابووه تا ئستا به‌ خاوێنی ماوه‌ته‌وه، کوردستان ونه‌ته‌وه‌ی کورد بوو، ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی که دوور بوو له ڕه‌فتاری ناشایست‌ و کرده‌وه‌ی‌ ناله‌بارو دزێوو قێزه‌ون. وه‌ک ئه‌وه‌ی که له چه‌ند ڕۆژی ڕابووردوودا له که‌ناڵی کوردستان تی‌ڤی بڵاو کرایه‌وه. له ڕاستیدا ڕه‌نگه به‌ هه‌موومان خه‌ریک بین نه‌توانین وشه‌یه‌ک یان ڕسته‌یه‌ک بدۆزینه‌وه له‌بار بێت بۆ ناو هێنانی ئه‌و گرووپه وه‌حشییانه‌ی که‌ ئاوا به‌ر بوونه‌ته‌ گیانی لاوانی وڵات و به ناوی جیهاد له‌ڕێگه‌ی خودادا و خودا په‌ره‌ستی و گۆشه نشینی له گۆشه‌ی مزگه‌وت، ئه‌و مزگه‌وتانه‌ی که‌ جاران به که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ نه‌بوونی ڕاده‌ی به‌رزی شعوور کۆمه‌ڵگای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین به‌گشتی و کوردستانی به‌ڵا لێ دراوی ئێمه به تایبه‌تی بوو بووه جێگای خه‌رفاندنی خه‌ڵکی ئه‌وا ئه‌مڕۆ ئێتر به‌ ئاشکرا و به زمانی شێخ و پێشه‌واکانیان به خه‌ڵک گوترا که مزگه‌وت و ته‌كیه‌و خانه‌قا جێگای چ باسه.


شتێکی به‌ ناوی دین و دینێکی که له بنه‌ڕه‌تدا و به ده‌ستی عه‌ره‌ب و بۆ عه‌ره‌ب هاتووه‌ ئێستا بووه‌ته ته‌وقی غه‌زه‌ب و له ملی کورد نابێته‌وه، به داخئیكی گرانه‌وه ئه‌م ڕاستییه له لایه‌ن كورده موسڵمانه‌كانه‌وه شتیكی غه‌یره قابلی قبووڵه و ئه‌گه‌ر كه‌سێك باس له شتێكی له‌م بابه‌ته‌ ده‌كا ئه‌وا خێرا وێژه‌ری ئه‌و بابه‌ته‌ به هه‌زاران ناو و ناتۆره ده‌خرێته ژێر باری هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه، زۆر جار ئه‌گه‌ر نووسه‌رێك بابه‌تێكی له‌م باره‌وه نووسیبێت به توندترین شیوه ڕه‌فتاری له گه‌ڵ كراوه، ته‌نانه‌ت هه‌وڵی كوشتنیشی دراوه. به‌ڵام گه‌رچی توانای ئه‌زمی ئه‌م واقیعه بۆ ئه‌وان زۆر سه‌خت بوو وه یان سه‌خته ئه‌وا ئه‌مڕۆ هێندێك بابه‌ت و به‌ڵگه هاته‌ گۆڕێ كه‌ ئێتر ناتوانن به‌ شێوه‌ی جاران خه‌ڵكی فریو بده‌ن و ته‌كیه‌و خانه‌قاكانیان بكه‌نه كونجی خه‌رفاندن و قه‌ساب خانه‌ بۆ سه‌ربڕینی مرۆژی بێ تاوان و سووكایه‌تی به‌ شه‌ره‌ف و نامووسی خه‌ڵك. بێ گومان تاوانباران هه‌ر وه‌ك شیخ زانای ئه‌رهابی و ئه‌رهابیله‌كانی هاوكاری ده‌بێ وه‌ڵام ده‌ر بن له‌ به‌رانبه‌ر تاوانه‌كانیان.


گه‌لی كورد به درێژایی مێژوو دژی تیرۆر بووه‌و له خه‌باتی دژه تیرۆردا به دایم سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی هه‌بووه، له هه‌مان كاتیشدا گه‌وره‌ترین قوربانی داوه به‌ ده‌ستی ترۆریزمی نێو ده‌وڵه‌تی و تیرۆریزمی ئسلامی، كه نموونه‌مان له‌م بابه‌ته‌وه زۆره، به‌ڵام به داخه‌وه ئێستا ده‌بینین به‌ ده‌ستی مرۆڤی كورد ئه‌م كرده‌وه دزێوانه‌ به‌ڕێوه ده‌چن، بێ گومان ده‌ستی چه‌په‌ڵی دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان بۆ : له‌ لایه‌ك بۆ لكه‌دار كردنی كلتووری كورد و بێ حۆرمه‌تی كردن به‌ مروڤی كورد و مێژووی گه‌لێكه‌‌مان، و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه هه‌وڵدان بۆ له‌به‌ین بردنی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ مێژووییه‌ی كه بۆ كورد ڕه‌خساوه له پشته‌وه‌ی ئه‌م دیارده دزێوه‌دا هه‌یه.


جێی خۆیه‌تی كه بیرێك له كه‌ی و چونیه‌تی دامه‌زران و ده‌ست پێ كردنی كاری تیرۆریستی ئه‌م گرووپه بكرێته‌وه. بێ گومان ئه‌وه‌ی پرۆگرامی ته‌له‌فزیۆنی ئاشكرا كردنه‌كه‌ی دیتبێ، ده‌زانێ كه‌ به‌پێ وته‌ی تیرۆریسته‌كان ئه‌و كاته‌ی كه پارتی و یه‌كیه‌تی له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی خۆ كوژیدا بوون و هه‌ر یه‌ك له‌و دوو زلهێزه كورده كه بۆ دابه‌ش كردنی باشووری كوردستانی دابه‌ش كراو هه‌وڵیان ده‌دا و سه‌دان كوڕه كوردیان به یه‌كتر به كوشت دا، ئه‌و كاته‌ ئه‌م گرووپه نا یاساییه درووست بوون، با هه‌موومان دڵنیا بین كه ئه‌وانه‌ ته‌نیا گرووپێك نین كه له‌و كاته‌دا درووست بوون و به‌و شێوه كار ده‌كه‌ن و چه‌كه‌ره‌‌شیان به‌شێوه‌یه‌ك داكوتاوه كه ئاشكرا كردنیان و له به‌ین بردنیان ‌ كارێكی ئاسان نییه ئه‌گه‌ر هه‌موومان قۆڵی فیداكاری و هاوكاری لێ هه‌ڵنه‌ماڵین.


بۆ نه‌مان و ڕیشه‌كێش كردنی تیرۆر و تیرۆریزم به گشتی و به تایبه‌ت له‌ كوردستانی پیرۆزدا، هه‌وڵێكی هه‌مه‌چه‌شنه‌ هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی ده‌وێت به‌ له‌به‌ر چاوگرتنی هه‌ڵه مێژووییه‌كانمان وه‌كوو كورد به‌ گشتی با هه‌موومان ده‌ست بده‌ینه‌ ده‌ست بۆ ڕیسوا كردنی هه‌ر چه‌شنه‌ شه‌ڕێكی دژی كورد به‌ كورد و پاك كردنه‌وه‌ی دیارده‌ی تیرۆریزم له نێو كۆمه‌ڵگای كورده‌واری.

2 Comments:

At Thursday, July 21, 2005 12:11:00 PM, Blogger Xalid Azizi ده‌فه‌رمێ

ده‌ست خۆش، هیوای به‌رده‌وامیت بۆ ده‌خوازم

 
At Thursday, July 21, 2005 1:28:00 PM, Blogger هۆگر ده‌فه‌رمێ

سپاس بۆ تۆی به‌ڕێز
هیوام وایه جه‌نابیشتان به به‌رده‌وامی به‌سه‌رمان بكه‌یته‌وه.

 

Post a Comment

<< Home

Click here if need a hIt counter.