Friday, September 23, 2005

زێده‌كه‌م

زێده‌كه‌م


زێده‌كه‌م لێم زیز مه‌به من ڕۆڵه‌كه‌ی جارانتم
گه‌رچی لێت دوورم به‌ڵام، من به‌ ڕۆح قوربانتم
دیده‌كانم نابینان ئه‌مڕو بۆ دیتنی دیلانه‌كه‌ت
بێ تۆ ناژیم من پڕ به دڵ هاوار ئه‌كه‌م وه‌یلانتم‌

تۆ به‌هه‌شتی هه‌ردوو دنیای، بۆ منی وه‌یلانی كورد
وێرانه‌كه‌ت كاخی شاهه‌نشاهییه،‌ بۆ منی بێ لانی كورد
سه‌د هێنده دوور بم من، دڵ به قوربانی وێرانه‌كه‌ت
قه‌د له بیرت ناكه‌م ئه‌من، پێشمه‌رگه‌كه‌ی جارانتم
هۆگر- م
2003

Thursday, September 15, 2005

شه‌وانی ته‌نیاییم

ده‌ڵێم بنووسم شێعرێكی
بۆ ده‌ر بڕینی هه‌سته‌كه‌م
خۆزیا توانیبام ده‌ڕ بڕم
به‌ته‌واوی مه‌به‌سته‌كه‌م
یاڕه‌ب نه‌یێت له‌ پڕ ده‌نگێ
تا نه‌له‌رزێنێ ده‌سته‌كه‌م
زۆر جار كه دێمه سه‌ر نووسین
ده‌چمه‌ فكر له ناخه‌وه
كۆتایی دێنم زوو به زوو
به هه‌ناسه و به ئاخه‌وه
له تاوی دووریت زێده‌كه‌م
مردم به‌ ئاه و تاسه‌وه
یادی دووریه‌كه‌ت كوشتوومی
ئیلهامیش مرد به‌ جارێكی
هه‌زاران جار خه‌ونم بینی
بۆ دیتنی به‌هارێكی
وه‌رزی جوانی به‌هارانت
ئیلهامی شێعره‌كانم بوون
نه‌ورۆزو و یاری ئاگرت
نیشانه‌ی ژینه‌وه‌ی مه‌ بوون
سروودی نه‌ورۆز هاته‌وه
مژده‌ی به‌هاری سازه بوون
سوجده بۆ چیاكان ده‌به‌م
له داوێن و هه‌ر بنارێك
له بن سێبه‌ری هه‌ر دارێك
زۆر جار كه ده‌مهه‌وێت شێعرێك
بۆ جوانی تۆ بهۆنمه‌وه
هه‌ر وه‌ك زوڵفی كیژۆڵه‌یه‌ك
تاڵ تاڵ وشه ده‌دۆزمه‌وه
وه‌رزی به‌هار گوڵ ئاوێزان
وه‌رزی هه‌ڵۆ بۆ چیاكان
هاوین دێت بۆ خه‌له‌و خرمان
وه‌خۆ ده‌كه‌ون وه‌رزێران
پایز دێت به گه‌ڵا ڕێزان
هه‌ژار ‌كه‌وته‌ غه‌می زستان
زستان به شه‌خته‌ و ڕێبه‌ندان
كاتێك كۆماری كوردستان
ئاڵای كوردی شه‌كانده‌وه
وره‌ی دوژمنی شكانده‌وه
ڕیبه‌ندان هه‌یڤی شادییه
هێمای ژین و ئازادییه
به ناوبانگه گۆڤه‌ندی كورد له ڕێ به‌ندان
بۆ ڕێز گرتن له یادی به‌رزی كۆماری كوردستان



هۆگر
بریسبێن ئوسترالیا 2005

Thursday, September 08, 2005

به‌ره‌و به‌ره‌ی كوردستانی

هه‌روه‌ك ئاگادارین ماوه‌یه‌كه‌ هێندێك له‌و ڕێكخراو و پارته كوردیانه‌ باس له سه‌ر دروست بوونی به‌ره‌یه‌كی كوردستانی له نێوان حیزب و سازمان و ڕێكخراوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ڵام له ڕاستی دا بۆ من وه‌ك كوردێكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و به‌و ته‌جروبه‌ تاڵه‌ی كه من له ماوه‌ی ژیانی تێكۆشانمدا له گه‌ڵ یه‌كێك له‌و حیزبانه‌دا له‌و به‌شه‌ی كوردستان به تایبه‌تی شه‌ڕی نێوان حیزبی دێموكڕات و كۆمه‌ڵه وه ‌ده‌ستم هێناوه و خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند شه‌ڕه ده‌ندووكێك كه تازه له نێوان پژاك و حدكا و یشک دا په‌یدا بووه بڕێك شك و گومان لام دروست ئه‌بێ و زۆر به مه‌حاڵی ده‌زانم كه‌ ئه‌و حیزب و ڕێكخراوانه تۆزێك ئه‌زموونیان له‌و هه‌موو نه‌گبه‌تییه‌ی ئه‌وان به‌سه‌ر كوردیان هێناوه وه‌رگرتبێ.

هه‌ر هیچ نه‌بێ ده‌بوایه له جه‌ندییه‌تی و جۆنیه‌تی شكسته‌كانی چوارده‌ ساڵی ڕابووردووی باشووری كوردستان و شه‌ڕه نێو خۆییه‌كانیان و یه‌ك نه‌گرتنه‌وه‌ی دوو ئیداره‌ی دروست بوونی گرووپه تیرۆریسته‌كانی وه‌كوو ئه‌نساری سونه‌ وشێخ زاناو گرووپی ئه‌لقائیده تێبگه‌ن و هێندێك ئه‌زموون وه‌ر بگرن. بێ گومان دروست بوونی به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش له نێوان‌ حیزب و ڕێكخراوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا له‌ ئاو بۆ ماسی زه‌روور تره، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ له سه‌ده‌ی بیستوو یه‌كیشدا له كاتێكدا گه‌ره‌ترین ئاڵ ‌و گۆڕ له سیاسه‌تی گه‌وره‌ هێزانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌‌‌دا به تایبه‌ت دژ به‌ داگیر كه‌رانی كوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ گشتی به‌ چاو ده‌بینن و به‌ گوێ ده‌بیستن و هێندێك جاریش ڕێبه‌رانی ئه‌م پارتانه‌ ده‌عوه‌ت ده‌كرێن و وتووێژیان له‌ گه‌ڵ ده‌كرێ ڕا و بۆچوونیان له سه‌ر وه‌زعی سیاسی ناوچه‌كه لێ ده‌پرسن هێشتا هه‌ر وه‌ك ساڵانی ڕابووردوو بیر ده‌كه‌نه‌وه‌.

خۆ هه‌موومان ئه‌وه‌ ده‌زانین كه‌ ئه‌و ئاڵ و گۆڕانه‌ی پێك هاتوون (بۆ نموونه ڕووخانی دیكتاتۆری ئه‌فله‌قی له عێراق) و شه‌ڕی دژی تیرۆر و فشار هێنان بۆ دیكتاتۆرییه‌تی به‌عسی سووریه‌ و زه‌خت لێ كردن و هه‌ڕه‌شه‌ له كۆماری ئێسلامی ئێران له به‌ر چاوی ڕه‌شی كورد نییه‌، به‌ڵام له‌و نێوانه‌دا گه‌لی كورد به‌ ڕاستی ده‌توانێ باشترین ده‌سكه‌وتی مێژوویی به‌ده‌ست بێنی هه‌ر وه‌كوو له باشوور تا ڕاده‌یه‌ك هێندێك وه‌ده‌ست هاتووه دوای ڕووخانی به‌عس، به‌ڵام دیسانیش هه‌ر وه‌ك نه‌بای هاتبێ و نه‌ بۆران و وه‌ك ساڵانی پێشوو بوونه چۆغه‌ سووری به‌ر له‌شكرێ و هیچ مافێك بۆ كه‌س ناهێڵن و ئه‌میان ئه‌ویان به‌ جاش ده‌زانێ و ئه‌وی تریشیان ئه‌میان به‌ هه‌قدار له مه‌سه‌له‌ی كورد نازانێ، به‌ ڕاستی ئه‌و جۆره بیر و ڕایانه‌ی كه ئێستا ئه‌مانه له سه‌ر یه‌كتریان هه‌یه‌ نه‌ك هیچ خزمه‌تێك به‌ جووڵانه‌وه‌ی مافخوازی گه‌لی كورد ناكات بگره زۆر له‌تمه‌ هه‌م له متمانه‌ی گه‌ل ده‌دات و هه‌م له بوونی ‌خۆیان.

كورد گوته‌نی وانێكی ڕه‌ش و سپی له بوار ده‌ر ده‌كه‌وێ، بۆیه ده‌بێ هه‌مووی ئه‌م بیر ته‌سكی و خۆ به‌ زل زانینانه‌ی حیزبه‌كان وه‌لا بنرێ و هه‌رچی زووتر بیر له‌وه بكه‌نه‌وه‌ كه ئه‌گه‌ر له ئێران ئاڵوگۆڕێك پێك هات چۆن له كاتی پێویستدا ڕیزه‌كانی خه‌ڵك و هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ پاراستنی كورد و كوردستان و وه‌ده‌ست هێنانی مافه‌كانیان ڕێك بخه‌ن و ئه‌و به‌شه بده‌نه‌ ده‌ست كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك تا بڕیار بده‌ن كێان ده‌وێ و كێان ناوێ. شه‌ڕی بێ ئاكامی چه‌ند ساڵه‌ی حیزبی دێموكڕاتی كوردستانی ئێران و سازمانی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان حیزبی كۆمۆنیستی ئێران كۆمه‌له كه سه‌دان ڕۆڵه‌‌ی شۆڕسگێڕی گه‌له‌كه‌مان بوون به‌ قوربانی سیاسه‌تی بێ مه‌سئوولانه‌ی هه‌ردوولا ته‌جروبه‌یه‌كی باشه بۆ هه‌ماوو لایه‌ك.

با ئه‌و پرسیاره له خۆیان بكه‌ن كه ئه‌گه‌ر ئه‌م حیزبانه بڕوایان به‌ مافی مرۆڤ هه‌یه و پابه‌ندن به‌ دێموكڕاسی با ئه‌و مافه له خه‌لكی كورد زه‌وت نه‌كه‌ن و بهێڵن خۆیان به كه‌یفی خۆیان حیزبی پێشڕه و ڕێبه‌ر و پێش قه‌ده‌می خۆتان دیاری بكه‌ن و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌هێڵن جارێكی تر چه‌كی ده‌ستی كورد ڕوو له سینگی ڕۆڵه‌ی كورد بكات، چونكا له هه‌موو كه‌س زیاتر ئێمه‌ی كورد، خۆمان باش ده‌زانین كه له شه‌ڕی كورد كوژیدا كێ قازانج ده‌كات، وا دیسان به‌ڕێز عه‌بدوڵای موعته‌دی داوای پێك هێنانی ئه‌و به‌ره‌یه‌ ده‌كات كه هیوام وایه
هه‌موو لایه‌ك به‌ره‌و پیری بچن و هه‌نگاوێكی پۆزه‌تیڤ بنێن
بۆ خوێندنه وه‌ی بانگه‌وازی پێك هێنانی به‌ره‌یه‌ك له لایه‌ن به‌ڕێز عه‌بدوڵای موعته‌یدی یه‌وه كلیكی ئه‌م لینكه‌ خواره‌وه‌ بكه

Click here if need a hIt counter.