Thursday, September 08, 2005

به‌ره‌و به‌ره‌ی كوردستانی

هه‌روه‌ك ئاگادارین ماوه‌یه‌كه‌ هێندێك له‌و ڕێكخراو و پارته كوردیانه‌ باس له سه‌ر دروست بوونی به‌ره‌یه‌كی كوردستانی له نێوان حیزب و سازمان و ڕێكخراوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ڵام له ڕاستی دا بۆ من وه‌ك كوردێكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و به‌و ته‌جروبه‌ تاڵه‌ی كه من له ماوه‌ی ژیانی تێكۆشانمدا له گه‌ڵ یه‌كێك له‌و حیزبانه‌دا له‌و به‌شه‌ی كوردستان به تایبه‌تی شه‌ڕی نێوان حیزبی دێموكڕات و كۆمه‌ڵه وه ‌ده‌ستم هێناوه و خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند شه‌ڕه ده‌ندووكێك كه تازه له نێوان پژاك و حدكا و یشک دا په‌یدا بووه بڕێك شك و گومان لام دروست ئه‌بێ و زۆر به مه‌حاڵی ده‌زانم كه‌ ئه‌و حیزب و ڕێكخراوانه تۆزێك ئه‌زموونیان له‌و هه‌موو نه‌گبه‌تییه‌ی ئه‌وان به‌سه‌ر كوردیان هێناوه وه‌رگرتبێ.

هه‌ر هیچ نه‌بێ ده‌بوایه له جه‌ندییه‌تی و جۆنیه‌تی شكسته‌كانی چوارده‌ ساڵی ڕابووردووی باشووری كوردستان و شه‌ڕه نێو خۆییه‌كانیان و یه‌ك نه‌گرتنه‌وه‌ی دوو ئیداره‌ی دروست بوونی گرووپه تیرۆریسته‌كانی وه‌كوو ئه‌نساری سونه‌ وشێخ زاناو گرووپی ئه‌لقائیده تێبگه‌ن و هێندێك ئه‌زموون وه‌ر بگرن. بێ گومان دروست بوونی به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش له نێوان‌ حیزب و ڕێكخراوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا له‌ ئاو بۆ ماسی زه‌روور تره، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ له سه‌ده‌ی بیستوو یه‌كیشدا له كاتێكدا گه‌ره‌ترین ئاڵ ‌و گۆڕ له سیاسه‌تی گه‌وره‌ هێزانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌‌‌دا به تایبه‌ت دژ به‌ داگیر كه‌رانی كوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ گشتی به‌ چاو ده‌بینن و به‌ گوێ ده‌بیستن و هێندێك جاریش ڕێبه‌رانی ئه‌م پارتانه‌ ده‌عوه‌ت ده‌كرێن و وتووێژیان له‌ گه‌ڵ ده‌كرێ ڕا و بۆچوونیان له سه‌ر وه‌زعی سیاسی ناوچه‌كه لێ ده‌پرسن هێشتا هه‌ر وه‌ك ساڵانی ڕابووردوو بیر ده‌كه‌نه‌وه‌.

خۆ هه‌موومان ئه‌وه‌ ده‌زانین كه‌ ئه‌و ئاڵ و گۆڕانه‌ی پێك هاتوون (بۆ نموونه ڕووخانی دیكتاتۆری ئه‌فله‌قی له عێراق) و شه‌ڕی دژی تیرۆر و فشار هێنان بۆ دیكتاتۆرییه‌تی به‌عسی سووریه‌ و زه‌خت لێ كردن و هه‌ڕه‌شه‌ له كۆماری ئێسلامی ئێران له به‌ر چاوی ڕه‌شی كورد نییه‌، به‌ڵام له‌و نێوانه‌دا گه‌لی كورد به‌ ڕاستی ده‌توانێ باشترین ده‌سكه‌وتی مێژوویی به‌ده‌ست بێنی هه‌ر وه‌كوو له باشوور تا ڕاده‌یه‌ك هێندێك وه‌ده‌ست هاتووه دوای ڕووخانی به‌عس، به‌ڵام دیسانیش هه‌ر وه‌ك نه‌بای هاتبێ و نه‌ بۆران و وه‌ك ساڵانی پێشوو بوونه چۆغه‌ سووری به‌ر له‌شكرێ و هیچ مافێك بۆ كه‌س ناهێڵن و ئه‌میان ئه‌ویان به‌ جاش ده‌زانێ و ئه‌وی تریشیان ئه‌میان به‌ هه‌قدار له مه‌سه‌له‌ی كورد نازانێ، به‌ ڕاستی ئه‌و جۆره بیر و ڕایانه‌ی كه ئێستا ئه‌مانه له سه‌ر یه‌كتریان هه‌یه‌ نه‌ك هیچ خزمه‌تێك به‌ جووڵانه‌وه‌ی مافخوازی گه‌لی كورد ناكات بگره زۆر له‌تمه‌ هه‌م له متمانه‌ی گه‌ل ده‌دات و هه‌م له بوونی ‌خۆیان.

كورد گوته‌نی وانێكی ڕه‌ش و سپی له بوار ده‌ر ده‌كه‌وێ، بۆیه ده‌بێ هه‌مووی ئه‌م بیر ته‌سكی و خۆ به‌ زل زانینانه‌ی حیزبه‌كان وه‌لا بنرێ و هه‌رچی زووتر بیر له‌وه بكه‌نه‌وه‌ كه ئه‌گه‌ر له ئێران ئاڵوگۆڕێك پێك هات چۆن له كاتی پێویستدا ڕیزه‌كانی خه‌ڵك و هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ پاراستنی كورد و كوردستان و وه‌ده‌ست هێنانی مافه‌كانیان ڕێك بخه‌ن و ئه‌و به‌شه بده‌نه‌ ده‌ست كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك تا بڕیار بده‌ن كێان ده‌وێ و كێان ناوێ. شه‌ڕی بێ ئاكامی چه‌ند ساڵه‌ی حیزبی دێموكڕاتی كوردستانی ئێران و سازمانی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان حیزبی كۆمۆنیستی ئێران كۆمه‌له كه سه‌دان ڕۆڵه‌‌ی شۆڕسگێڕی گه‌له‌كه‌مان بوون به‌ قوربانی سیاسه‌تی بێ مه‌سئوولانه‌ی هه‌ردوولا ته‌جروبه‌یه‌كی باشه بۆ هه‌ماوو لایه‌ك.

با ئه‌و پرسیاره له خۆیان بكه‌ن كه ئه‌گه‌ر ئه‌م حیزبانه بڕوایان به‌ مافی مرۆڤ هه‌یه و پابه‌ندن به‌ دێموكڕاسی با ئه‌و مافه له خه‌لكی كورد زه‌وت نه‌كه‌ن و بهێڵن خۆیان به كه‌یفی خۆیان حیزبی پێشڕه و ڕێبه‌ر و پێش قه‌ده‌می خۆتان دیاری بكه‌ن و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌هێڵن جارێكی تر چه‌كی ده‌ستی كورد ڕوو له سینگی ڕۆڵه‌ی كورد بكات، چونكا له هه‌موو كه‌س زیاتر ئێمه‌ی كورد، خۆمان باش ده‌زانین كه له شه‌ڕی كورد كوژیدا كێ قازانج ده‌كات، وا دیسان به‌ڕێز عه‌بدوڵای موعته‌دی داوای پێك هێنانی ئه‌و به‌ره‌یه‌ ده‌كات كه هیوام وایه
هه‌موو لایه‌ك به‌ره‌و پیری بچن و هه‌نگاوێكی پۆزه‌تیڤ بنێن
بۆ خوێندنه وه‌ی بانگه‌وازی پێك هێنانی به‌ره‌یه‌ك له لایه‌ن به‌ڕێز عه‌بدوڵای موعته‌یدی یه‌وه كلیكی ئه‌م لینكه‌ خواره‌وه‌ بكه

2 Comments:

At Thursday, September 08, 2005 10:44:00 AM, Anonymous Anonymous ده‌فه‌رمێ

سڵا و ماندوو نه‌بی و ده‌ست خۆش. زۆر سوپاس بۆ سه‌ردان و دڵسۆزیه‌كه‌ت. به‌ڵام نازانم بۆ به‌شی "ڕای تۆ"ی لای تۆ بۆ وایه؟! ناتوانێ باشتر بێ، یان وه‌ك وێبلاگه كوردیه‌كانی دیكه له "بلاگسپۆت"دا بكرێته‌وه ؟ ئیتر سه‌ركه‌وتوو بی هه‌ر وه‌ك هه‌میشه‌ به‌خوا برا تۆ گۆشت كه‌روێشكت دیبێ، من نه‌مدیوه، بۆ قاڵێكیشمان بۆ ساز ناكه‌ن.هی هی هی . من هه‌ر چاویان لێ ده‌كه‌م. بژیت بۆ گه‌ل

 
At Thursday, September 08, 2005 1:02:00 PM, Blogger هۆگر ده‌فه‌رمێ

كاك ‌ح-د به خێر هاتی و دهست خۆش

كاكی برا ئه‌گه‌ر ده‌توانی یارمه‌تی بفه‌رمووی وا منیش سوپاست ده‌كه‌م و ده‌ست خۆشانه‌ت پێ ده‌ڵێم چونكه من له‌ تێمپلێتی ئێنگلیزی كه‌ڵكم وه‌ر گرتووه ڕاسته چه‌ند میوانێكی دیكه‌ش ئیمه‌یڵییان ناردووه كه وه‌ك كوردییه‌كانی لێ بكه‌م به‌ڵام نه‌یان گوتووه موشكیله‌كه‌ چییه‌ وا ده‌ڕۆم خه‌ریك ده‌بم چاكی بكه‌م

 

Post a Comment

<< Home

Click here if need a hIt counter.