Tuesday, November 07, 2006

ڕۆژ تی‌ڤی


هه‌ر چه‌نده من ماوه‌یه‌كی زۆره له بلۆگاوا دوورم و هیچ كاتم نه‌بوه ته‌نانه‌ت سه‌ردان بكه‌م به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌سایتی رۆژ تی‌ڤی شتێكم بینی به پێویستم زانی كه ئیشاره‌یه‌كی پێ بكه‌م.
نازانم یان من چاوه‌كانم باش نابینن یان رۆژ تی‌ڤی مه‌به‌سی شتێكی تری یان هه‌یه‌ و یان لێره‌دا من هه‌له‌یه‌ك ده‌بینم، كه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه له سایتی رۆژ تی‌ڤی دا وه‌ك سایتێكی میدیای كوردی وابزانم ده‌بوایه‌ ئاڵایه‌كی كوردستانیان دانابا. گه‌رچی به‌شێوه‌ی ته‌یبڵ به‌سێ ره‌نگی سه‌وز و زه‌رد و سوور مه‌نیۆ یه‌كیان داناوه‌ كه ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیان له‌و ڕه‌نگانه ئاڵای كوردستانه، ئه‌ا به‌ داخه‌وه (بیلامانایه‌كی) لێیان تێك چووه ودانانی ئه‌و سێ ره‌نگه به‌و شێوه‌ی ئه‌وان دایان ناوه زیاتر وه‌ك ئتیۆپیا و ئیران ده‌چێ. كه به ڕاستی جێگای داخه بۆ ده‌زگایه‌كی وه‌ك رۆژ تی‌ڤی كه هه‌له‌ی ئاوا گه‌وره‌ بكات و ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیشیان ئاڵای كوردستان نیه‌ ئه‌وا من داوای لێ بووردنیان لێ ده‌كه‌م. كه ئه‌مه‌یش وێنه‌كه‌یه‌تی. ‌

Monday, April 03, 2006

ئه‌ی ڕه‌قیب هه‌ر ماوه قه‌ومی کورد زمان- نایشکێنێ دانه‌ری تۆپی زه‌مان

به درێژایی مێژوو کورد چه‌وساوه‌ته‌وه و ده‌چه‌وسێته‌وه و له هێندێک له ناوچه‌کانی کوردستان که له ژێر چه‌پۆکی داگیرکه‌ران و شه‌وپه‌ره‌ستان‌دایه، کوردیان وه‌ک گرووپێکی وه‌حشی و کێوی له‌م بابه‌ته‌ له قه‌ڵه‌م داوه و هیچ جۆره مافێکیان پێ ڕه‌وا نه‌دیتراوه وه‌کوو کورد حاشا له بوونیان کراوه، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه ئه‌مڕۆ به هۆی ڕه‌وتی ڕووداوه‌کانی کۆتایی سه‌ده‌ی بیست‌ و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست ویه‌که‌وه به‌ تایبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، کورد تا ڕاده‌یه‌ک توانیه‌تی بوونی خۆی وه‌ک گه‌لێکی ئاشتیخواز و قاره‌مان ڕابگه‌یێنێ.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که له باشووری کوردستان له پازده ساڵی ڕابووردوودا وه‌ده‌ست هاتوه پڕشنگ و بڵێسه‌‌ی ئاگری ئازادی باشوور و ئاگری نه‌ورۆزی 2706ی کوردی سه‌راپای باکووری کوردستانیش که‌وتووه‌ته خرۆش و به به‌خت کردنی گیانی خۆیان به داگیر که‌رانی کوردستانی مه‌زنیان سه‌لماند که گه‌لی هه‌میشه قاره‌مانی کورد هه‌ر زیندوویه‌ هه‌ر ده‌بێ یه‌ک بگرێته‌وه، که من وه‌ک کوردێکی ڕۆژهه‌ڵاتی له ناخی دڵمه‌وه پیرۆزبایی و داوای سه‌رکه‌وتنیان بۆ ده‌که‌م.
هه‌ر له‌و به‌شه‌ی کوردستان کورده‌ به‌ زۆر به تورک کراوه‌کان له شاری قیرشه‌هیر ئێستا داوای ناسنامه‌ی کوردی خویان ده‌که‌ن.

به هیوای سه‌رکه‌تنی یه‌کجاری بۆ گه‌لی قاره‌مانی کورد

Friday, March 24, 2006

ڵێره‌یش ده‌توانی بلۆگ بكه‌یته‌وه

بلۆگسته‌رشوێنێكی دیكه بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ بلۆگ ده‌گه‌‌ڕێن له‌ ڕاستیدا ره‌نگه وه‌كوو بلۆگ سپۆت ڕاحه‌ت نه‌بێ بۆ زۆر شتی وه‌كوو ئیدیت و دلێه‌یت كردنی شتێكی كه به كه‌یفت نه‌بێ به‌ڵام ئه‌وه هه‌یه‌ و هه‌ركه‌س پێی خۆش بێت به كوردێش ده‌توانێ بنووسێ و وێنه ‌دابنێ، باشتر وایه ئه‌گه‌ر مه‌یلتان هه‌بێ خراپ نیه‌ له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ كورد ناوی هه‌بێ

Monday, March 20, 2006

نه‌ورۆزتان پیرۆز بێ


ساڵی تازه‌ی 2706‌ی كوردی له گه‌ڵی شۆڕشگێڕی كورد پیرۆز بێ و هیوادارم ساڵی یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان بێت و ساڵی سه‌ربه‌ستی و سه‌ربه‌خۆیی بێت بۆ گه‌لی هه‌میشه قاره‌مانی كورد

Sunday, March 12, 2006

عه‌ینه‌كیش ده‌ردێكی گرانه

ماوه‌یه‌ك بوو سه‌رم زۆر دێشا به تایبه‌ت كه خه‌ریكی خوێندنه‌وه ده‌بووم یان له‌لای كۆمپیووته‌ر، ڕۆژێك براده‌رێكم وتی من وا ده‌زانم ئه‌تو پێویستیت به دوكتۆری چاو هه‌یه‌ منیش به‌ قسه‌م كرد و هه‌ستام چوومه لای دوكتور، ڕاستی د‌ه‌كرد من موشكیله‌ی چاوم هه‌بوو به‌رهه‌ر حاڵ دوكتور عه‌ینه‌كی بۆ نووسیم و منیش چووم چوار چێوه‌ی عه‌ینكێكی جوانم هه‌ڵبژارد، به‌ڵێ پاش چه‌ند حه‌وتوویه‌ك عه‌ینه‌ك دروست بوون و بۆم هاته‌وه و منیش له‌چاوم كردن به‌ینی خۆمان بێت سه‌ر ئێشه نه‌مابوو.
به‌ڵام ئه‌مڕۆ كاك هێمای كوڕم كه ته‌مه‌نی ته‌مه‌نی نه‌بووه‌ته ‌2 ساڵ تا ئاوڕم داوه له‌ت و په‌تی كردن و عه‌ینه‌ك ئێوه سڵامه‌ت ئه‌وا ئێستا سه‌رم دێشێ و زیاتر سه‌ری ئێوه‌ش نایه‌شێنم
به‌دۆعا تا عه‌ینه‌ك دروست ده‌كه‌مه‌وه

ئه‌م كاته‌تان باش

وێڕای سۆپاس و پێ زانین بۆ ئه‌و میوانه ‌به‌ڕێزانه‌ی كه له‌و ماوه‌دا سه‌ردانی بناری سه‌رتوونیان كردوه و ئێمه‌یش له ماڵ نه‌بووین چه‌ند كه‌سێك له ڕێگای مایڵه‌كه‌مانه‌وه پێوه‌ندییان له گه‌ڵ گرتووین و چه‌ند میوانێكیش داوای خۆ ناساندن كردووه كه دیاره منیش وڵامم داونه‌وه‌، دیاره من زۆر بیرم له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه‌ كه هه‌بوونی بلۆگ خۆناساندنی بوێت بۆیه تا ێستا هیچ وێنه‌ وشتم دانه‌ناوه یان ناوی خۆم نه‌نه‌نووسیوه به‌ هه‌ر حاڵ سوپاس بۆ هه‌موو لایه‌ك و ‌سه‌ركه‌تنی هه‌موو لایه‌ك به‌ئاوات ده‌خوازم

Friday, September 23, 2005

زێده‌كه‌م

زێده‌كه‌م


زێده‌كه‌م لێم زیز مه‌به من ڕۆڵه‌كه‌ی جارانتم
گه‌رچی لێت دوورم به‌ڵام، من به‌ ڕۆح قوربانتم
دیده‌كانم نابینان ئه‌مڕو بۆ دیتنی دیلانه‌كه‌ت
بێ تۆ ناژیم من پڕ به دڵ هاوار ئه‌كه‌م وه‌یلانتم‌

تۆ به‌هه‌شتی هه‌ردوو دنیای، بۆ منی وه‌یلانی كورد
وێرانه‌كه‌ت كاخی شاهه‌نشاهییه،‌ بۆ منی بێ لانی كورد
سه‌د هێنده دوور بم من، دڵ به قوربانی وێرانه‌كه‌ت
قه‌د له بیرت ناكه‌م ئه‌من، پێشمه‌رگه‌كه‌ی جارانتم
هۆگر- م
2003

Thursday, September 15, 2005

شه‌وانی ته‌نیاییم

ده‌ڵێم بنووسم شێعرێكی
بۆ ده‌ر بڕینی هه‌سته‌كه‌م
خۆزیا توانیبام ده‌ڕ بڕم
به‌ته‌واوی مه‌به‌سته‌كه‌م
یاڕه‌ب نه‌یێت له‌ پڕ ده‌نگێ
تا نه‌له‌رزێنێ ده‌سته‌كه‌م
زۆر جار كه دێمه سه‌ر نووسین
ده‌چمه‌ فكر له ناخه‌وه
كۆتایی دێنم زوو به زوو
به هه‌ناسه و به ئاخه‌وه
له تاوی دووریت زێده‌كه‌م
مردم به‌ ئاه و تاسه‌وه
یادی دووریه‌كه‌ت كوشتوومی
ئیلهامیش مرد به‌ جارێكی
هه‌زاران جار خه‌ونم بینی
بۆ دیتنی به‌هارێكی
وه‌رزی جوانی به‌هارانت
ئیلهامی شێعره‌كانم بوون
نه‌ورۆزو و یاری ئاگرت
نیشانه‌ی ژینه‌وه‌ی مه‌ بوون
سروودی نه‌ورۆز هاته‌وه
مژده‌ی به‌هاری سازه بوون
سوجده بۆ چیاكان ده‌به‌م
له داوێن و هه‌ر بنارێك
له بن سێبه‌ری هه‌ر دارێك
زۆر جار كه ده‌مهه‌وێت شێعرێك
بۆ جوانی تۆ بهۆنمه‌وه
هه‌ر وه‌ك زوڵفی كیژۆڵه‌یه‌ك
تاڵ تاڵ وشه ده‌دۆزمه‌وه
وه‌رزی به‌هار گوڵ ئاوێزان
وه‌رزی هه‌ڵۆ بۆ چیاكان
هاوین دێت بۆ خه‌له‌و خرمان
وه‌خۆ ده‌كه‌ون وه‌رزێران
پایز دێت به گه‌ڵا ڕێزان
هه‌ژار ‌كه‌وته‌ غه‌می زستان
زستان به شه‌خته‌ و ڕێبه‌ندان
كاتێك كۆماری كوردستان
ئاڵای كوردی شه‌كانده‌وه
وره‌ی دوژمنی شكانده‌وه
ڕیبه‌ندان هه‌یڤی شادییه
هێمای ژین و ئازادییه
به ناوبانگه گۆڤه‌ندی كورد له ڕێ به‌ندان
بۆ ڕێز گرتن له یادی به‌رزی كۆماری كوردستان



هۆگر
بریسبێن ئوسترالیا 2005

Thursday, September 08, 2005

به‌ره‌و به‌ره‌ی كوردستانی

هه‌روه‌ك ئاگادارین ماوه‌یه‌كه‌ هێندێك له‌و ڕێكخراو و پارته كوردیانه‌ باس له سه‌ر دروست بوونی به‌ره‌یه‌كی كوردستانی له نێوان حیزب و سازمان و ڕێكخراوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ڵام له ڕاستی دا بۆ من وه‌ك كوردێكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و به‌و ته‌جروبه‌ تاڵه‌ی كه من له ماوه‌ی ژیانی تێكۆشانمدا له گه‌ڵ یه‌كێك له‌و حیزبانه‌دا له‌و به‌شه‌ی كوردستان به تایبه‌تی شه‌ڕی نێوان حیزبی دێموكڕات و كۆمه‌ڵه وه ‌ده‌ستم هێناوه و خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند شه‌ڕه ده‌ندووكێك كه تازه له نێوان پژاك و حدكا و یشک دا په‌یدا بووه بڕێك شك و گومان لام دروست ئه‌بێ و زۆر به مه‌حاڵی ده‌زانم كه‌ ئه‌و حیزب و ڕێكخراوانه تۆزێك ئه‌زموونیان له‌و هه‌موو نه‌گبه‌تییه‌ی ئه‌وان به‌سه‌ر كوردیان هێناوه وه‌رگرتبێ.

هه‌ر هیچ نه‌بێ ده‌بوایه له جه‌ندییه‌تی و جۆنیه‌تی شكسته‌كانی چوارده‌ ساڵی ڕابووردووی باشووری كوردستان و شه‌ڕه نێو خۆییه‌كانیان و یه‌ك نه‌گرتنه‌وه‌ی دوو ئیداره‌ی دروست بوونی گرووپه تیرۆریسته‌كانی وه‌كوو ئه‌نساری سونه‌ وشێخ زاناو گرووپی ئه‌لقائیده تێبگه‌ن و هێندێك ئه‌زموون وه‌ر بگرن. بێ گومان دروست بوونی به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش له نێوان‌ حیزب و ڕێكخراوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا له‌ ئاو بۆ ماسی زه‌روور تره، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ له سه‌ده‌ی بیستوو یه‌كیشدا له كاتێكدا گه‌ره‌ترین ئاڵ ‌و گۆڕ له سیاسه‌تی گه‌وره‌ هێزانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌‌‌دا به تایبه‌ت دژ به‌ داگیر كه‌رانی كوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ گشتی به‌ چاو ده‌بینن و به‌ گوێ ده‌بیستن و هێندێك جاریش ڕێبه‌رانی ئه‌م پارتانه‌ ده‌عوه‌ت ده‌كرێن و وتووێژیان له‌ گه‌ڵ ده‌كرێ ڕا و بۆچوونیان له سه‌ر وه‌زعی سیاسی ناوچه‌كه لێ ده‌پرسن هێشتا هه‌ر وه‌ك ساڵانی ڕابووردوو بیر ده‌كه‌نه‌وه‌.

خۆ هه‌موومان ئه‌وه‌ ده‌زانین كه‌ ئه‌و ئاڵ و گۆڕانه‌ی پێك هاتوون (بۆ نموونه ڕووخانی دیكتاتۆری ئه‌فله‌قی له عێراق) و شه‌ڕی دژی تیرۆر و فشار هێنان بۆ دیكتاتۆرییه‌تی به‌عسی سووریه‌ و زه‌خت لێ كردن و هه‌ڕه‌شه‌ له كۆماری ئێسلامی ئێران له به‌ر چاوی ڕه‌شی كورد نییه‌، به‌ڵام له‌و نێوانه‌دا گه‌لی كورد به‌ ڕاستی ده‌توانێ باشترین ده‌سكه‌وتی مێژوویی به‌ده‌ست بێنی هه‌ر وه‌كوو له باشوور تا ڕاده‌یه‌ك هێندێك وه‌ده‌ست هاتووه دوای ڕووخانی به‌عس، به‌ڵام دیسانیش هه‌ر وه‌ك نه‌بای هاتبێ و نه‌ بۆران و وه‌ك ساڵانی پێشوو بوونه چۆغه‌ سووری به‌ر له‌شكرێ و هیچ مافێك بۆ كه‌س ناهێڵن و ئه‌میان ئه‌ویان به‌ جاش ده‌زانێ و ئه‌وی تریشیان ئه‌میان به‌ هه‌قدار له مه‌سه‌له‌ی كورد نازانێ، به‌ ڕاستی ئه‌و جۆره بیر و ڕایانه‌ی كه ئێستا ئه‌مانه له سه‌ر یه‌كتریان هه‌یه‌ نه‌ك هیچ خزمه‌تێك به‌ جووڵانه‌وه‌ی مافخوازی گه‌لی كورد ناكات بگره زۆر له‌تمه‌ هه‌م له متمانه‌ی گه‌ل ده‌دات و هه‌م له بوونی ‌خۆیان.

كورد گوته‌نی وانێكی ڕه‌ش و سپی له بوار ده‌ر ده‌كه‌وێ، بۆیه ده‌بێ هه‌مووی ئه‌م بیر ته‌سكی و خۆ به‌ زل زانینانه‌ی حیزبه‌كان وه‌لا بنرێ و هه‌رچی زووتر بیر له‌وه بكه‌نه‌وه‌ كه ئه‌گه‌ر له ئێران ئاڵوگۆڕێك پێك هات چۆن له كاتی پێویستدا ڕیزه‌كانی خه‌ڵك و هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ پاراستنی كورد و كوردستان و وه‌ده‌ست هێنانی مافه‌كانیان ڕێك بخه‌ن و ئه‌و به‌شه بده‌نه‌ ده‌ست كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك تا بڕیار بده‌ن كێان ده‌وێ و كێان ناوێ. شه‌ڕی بێ ئاكامی چه‌ند ساڵه‌ی حیزبی دێموكڕاتی كوردستانی ئێران و سازمانی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان حیزبی كۆمۆنیستی ئێران كۆمه‌له كه سه‌دان ڕۆڵه‌‌ی شۆڕسگێڕی گه‌له‌كه‌مان بوون به‌ قوربانی سیاسه‌تی بێ مه‌سئوولانه‌ی هه‌ردوولا ته‌جروبه‌یه‌كی باشه بۆ هه‌ماوو لایه‌ك.

با ئه‌و پرسیاره له خۆیان بكه‌ن كه ئه‌گه‌ر ئه‌م حیزبانه بڕوایان به‌ مافی مرۆڤ هه‌یه و پابه‌ندن به‌ دێموكڕاسی با ئه‌و مافه له خه‌لكی كورد زه‌وت نه‌كه‌ن و بهێڵن خۆیان به كه‌یفی خۆیان حیزبی پێشڕه و ڕێبه‌ر و پێش قه‌ده‌می خۆتان دیاری بكه‌ن و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌هێڵن جارێكی تر چه‌كی ده‌ستی كورد ڕوو له سینگی ڕۆڵه‌ی كورد بكات، چونكا له هه‌موو كه‌س زیاتر ئێمه‌ی كورد، خۆمان باش ده‌زانین كه له شه‌ڕی كورد كوژیدا كێ قازانج ده‌كات، وا دیسان به‌ڕێز عه‌بدوڵای موعته‌دی داوای پێك هێنانی ئه‌و به‌ره‌یه‌ ده‌كات كه هیوام وایه
هه‌موو لایه‌ك به‌ره‌و پیری بچن و هه‌نگاوێكی پۆزه‌تیڤ بنێن
بۆ خوێندنه وه‌ی بانگه‌وازی پێك هێنانی به‌ره‌یه‌ك له لایه‌ن به‌ڕێز عه‌بدوڵای موعته‌یدی یه‌وه كلیكی ئه‌م لینكه‌ خواره‌وه‌ بكه

Monday, August 22, 2005

خۆپیشاندانی بریسبێن


ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 22 مانگی 8 کات ژومێر 4ی ئێواره به کاتی ئوستڕالیا له لایه‌ن
کورده‌کانی کوینسلانده‌وه له شاری بریسبێن بۆ پشتیوانی کردن له سه‌رهه‌ڵدانی گه‌له‌که‌مان و خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کانی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ، له به‌رده‌می هۆڵی شاردا که ده‌که‌وێته نێوه‌ندی شاری بریسبێن خۆ پیشاندانێکی هێمنانه به‌ڕێوه‌ چوو.
له‌م خۆ پیشاندانه‌دا ( ئاندرو بارتلت) نوێنه‌ری پارتی دێمۆکڕاتی ئوستڕالیاوه‌ که جێگری سه‌رۆکی پارته‌که‌یه،‌ وه‌ک له چه‌ند ساڵی‌ ڕابوردوویشدا زۆر به‌ ڕاشکاوی پشتیوانی خۆی بۆ کورد و مه‌حکووم کردنی جه‌نایه‌ته‌کانی ڕژیمی ئاخوندی له چوار چێوه‌ی وتارێکدا پێشکه‌ش کرد.

هه‌ر و‌ه‌ها نوێنه‌ری پارتی کرێکاران( خاتوو کلییه‌ مۆر) به‌ خوێندنه‌وه‌ی په‌یامی حیزبه‌که‌ی و مه‌حکووم کردنی رژیمی ئاخونی سه‌باره‌ت به‌و کرده‌وه‌ دژه مرۆڤیانه‌ی ئه‌و دوایان به‌شداریان کرد.

له لایه‌ن ڕێکخراوی ئه‌مینیستی نێو ده‌وڵه‌تییه‌وه‌ به تێر و ته‌سه‌لی باس له‌ سه‌ر ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی ڕوژهه‌ڵاتی کوردستان و جه‌نایه‌ته‌کانی ڕژیمی ئه‌حمه‌دی نژاد کرد و به‌ڵێنیان دا که بۆ هه‌رچی زووتری ئازاد کرنی به‌ندکراوه‌کان هه‌وڵ بده‌ن.

پاشان په‌یامی کۆمه‌ڵه‌ی کوردی کوینسلاند له لایه‌ن(حه‌سه‌ن سونبولی)‌یه‌و خوێندرایه‌وه،
و په‌یامی حیزبی دێمۆکڕتی کوردستانی ئێرانیش له لایه‌ن (مه‌سعوود پیرانه‌)وه خوێندایه‌وه
دیاره ئێمزایه‌کی زۆر بۆ مه‌حکووم کردنی ڕژیمی ئێران کۆ کرایه‌وه که قه‌راره بده‌رێته‌حکوومه‌تی ئوسترالیا
و به خوێندنی سروودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ی ڕقیب له 5:30 ئێواره خۆ پیشاندانه‌که‌ کۆتایی پێ هات
بۆ دیتنی وێنه‌کانی دیکه فه‌رموو بۆ وێنه‌کان

Thursday, August 18, 2005

دووری


ساڵانێک بوو چاوه‌ڕانی
دیدارێک بووم
ده‌ورانێک بوو خه‌م هه‌ڵگری
دیوانێک بووم
زه‌مه‌ن ڕۆیی و گوێ قوڵاخی
بڕیارێک بووم
ساڵ هات و چوو هه‌ر نه‌هاتی
تا که‌وتمه داوی نه‌هاتی
کاتێک لاو بووم له ئامێزی
گه‌رمی خه‌ونا ئه‌ژیام
خه‌ونی ژیان، پێکه‌وه‌بوون
به دایک بوون به باوک بوون
بێ هه‌ڤاڵی‌، دڵنه‌وایی و دڵنیایی
غه‌می دووریت، به ساڵ دا چوون و ته‌نیای
پاش ته‌مه‌نێک چاوه‌ڕوانی و ئه‌سرین و غه‌م
حه‌سره‌ت، جه‌ور و جه‌فای زۆر و که‌م
دێوه‌زمه‌‌ی خه‌م له ئامێزی شوومی گرتم
هه‌ڕه‌شه‌ی دابڕانی لێ ده‌کردم
له‌ هه‌نده‌ران له‌ ‌غوربه‌تا
هه‌ناسه‌ی سارد هه‌ڵ ئه‌کێشم
به‌رگی ڕه‌شی دوور له‌ تۆیی
به به‌ژنی هیوادا ئه‌کێشم
سوێند به وه‌فات
سوێند به دووریت
سوێند به ناسۆر و جه‌فا و جه‌سووریت
به ئه‌سرینی قه‌تیس ماوی نێو چاوانم
تێ بکۆشم تاپێک گه‌شتن نووری چاو ڕۆحی ڕه‌وانم
هۆگر
ئه‌م ‌شێعره‌م له 98 نووسیوه و له 2005 هێندێک ده‌ستکاریم کردووه






Tuesday, August 02, 2005



خه‌می وڵات

ئه‌مشه‌و شه‌وی یه‌ڵدایه و ڕۆژم لێ نابێته‌وه
مێشکم گه‌لێک ئاڵۆزه و بیرم یه‌ک ناگرێته‌وه

سامی خه‌مێکی له پڕ نادیار و بێ سنوور
مه‌هابادم خرۆشا به‌ خوێن لاوان کردیان سوور

چیدی لاوی کورد نابێ خوێنی به‌ناهه‌ق بڕژێ
به‌ یه‌ک بوونی ڕیزی کورد مێشکی چه‌په‌ڵ ده‌پژێ

ڕابن کوردینه هه‌ستن له‌و خه‌وه درێژ ماوه
سه‌دان ساڵه ده‌کوژرێن وه‌کوو کورد بۆ ئه‌و ناوه

بیری ژیری لاوی کورد تینی وه‌به‌ر گه‌ڕاوه
له‌ شار و شاخی وڵات ئاڵای کورد هه‌ڵکراوه

داگیر که‌ری کوردستان وره‌ی له به‌ر نماوه
کڵپه‌ی کۆماری قازی دیسان سه‌ری هه‌ڵداوه



Thursday, July 28, 2005

په‌یام نێر چی به سه‌ر هات؟


حه‌وتووی ڕابووردوو هه‌واڵێك له‌په‌یامنێر بڵاو بووه‌وه كه باسی له ده‌ست پێكردن و هاتوو چۆ و كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان ده‌كرد كه منیش له گه‌ڵ وینه‌ی فرۆكه زه‌رد و سه‌وزه‌كه دا لینكی ئه‌و هه‌واڵه‌م له بلۆگی سه‌رتوون دانا چونكه به‌ پیی هه‌واله‌كه وزیری گواستنه‌وه شتێكی خۆشی گوتبوو، به‌ڵام وابزانم ئه‌و هه‌واڵه بووه‌ به هۆی ئه‌وه‌ی كه په‌یامنێر ڕابگرن، هه‌ر چه‌نده‌ په‌یامنێر داوای لێ بووردنی له وزیری گواستنه‌وه‌ كردبوو و گوتبووی گوایه ئه‌و هه‌واڵه هێندێك بێ وژدانی لێ دیاره.

له ناوچه ‌زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كه‌ی باشووری كوردستان بۆت نیه‌ ڕه‌خنه‌ و شتی له‌م بابه‌ته ‌بگری له وه‌زیر و مه‌زیران یان هه‌موو شتێكیان بڵاو بكه‌یته‌وه چونكه له‌م ناوچه‌یه‌ وه‌ك چون برا عه‌ره‌به‌كانیان له هێندێك شوێن ده‌ڵێن( ته‌دخین مه‌منووع) له‌و ناوچه و باژێڕه‌ش ڕه‌خنه مه‌منووع، ده‌بێ به‌‌وپه‌ڕی وریایییه‌وه هه‌ڵسوو كه‌وت بكه‌ی له گه‌ڵ پێشهاته‌كانی ڕۆژدا. ده‌نا به پێچه‌وانه چاره‌نووسی په‌یامنێر كه‌ له سه‌ر هه‌واڵی هه‌فته‌ی ڕابووردوو كه‌ نووسیبووی وه‌زیری گواسته‌وه له‌گه‌ڵ په‌یامنێران به كوردی قسه‌ی نه‌كرد و وتی زمانی عه‌ره‌بی ڕه‌سمییه چاره‌نووسی هه‌مووانه له‌و باژێڕه.

ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌اڵه‌ی كه باسمان كرد له پیامیێر دیتبێ ده‌زانێ كه په‌یامنێر ڕه‌خنه‌ی نه‌گرتبوو به‌ڵكوو وه‌ك هه‌واڵ بلاوی كردبووه‌وه، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌ بگرن ده‌بێ سزا و پاداشیان چی بێ! كه وابوو هه‌واڵنێرانیش بۆیان نیه‌‌ هه‌موو ڕاستییه‌ك له‌ میدیا ئاشكرا بكه‌ن. ئه‌مه نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه پێشێل كردنی مافی ئازادی عه‌قیده ‌و به‌یان و مافی په‌یامنێران له ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی دێموكراتی كوردستانی (به گوته‌ی خۆیان) عێراق چ فه‌رقێكی نیه له گه‌ڵ ئه‌و پێشل كردنه‌ی كۆمار ئیسلامی داگیركه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌یكا.

Thursday, July 21, 2005

موباره‌ك بێت كوردستان ئێیه‌رلاین

نه‌مردین ته‌یاره‌ی سه‌وزوو زه‌ردیشمان دیت وه‌كوو هه‌ر شتێكی دیكه‌ی سه‌وز و زه‌رد كه له ژیانمانا نه‌مان دیتبوو، هه‌ر له پێڵاوه‌وه بگره هه‌تا پله‌ین (ته‌یاره). له‌یه‌ك رۆژیشدا نیشتنه‌وه موباره‌كه‌ هه‌ر ماوه ئاسمانه‌كه‌یش ڕه‌نگ بكه‌ن.

وه‌زیری گواستنه‌وه‌ش له هه‌ولێر حه‌زی له زمانی كوردی نماوه‌و به‌ عه‌ره‌بی له‌ گه‌ڵ په‌یامنێره‌‌ كان قسه‌ی كرد به‌ بڕوای جه‌نابیان عه‌ره‌بی زمانی ڕه‌سمییه نه‌ك كوردی ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ولێریش؟‌. له هه‌مووی خۆشتر له په‌یامنێر یه‌كه‌م جار هه‌واڵی كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی كه‌ بڵاو بووه‌وه به وێنه‌ی ته‌یاره‌یه‌كی سپی و سه‌وز بڵاو بووه به‌ڵام ئه‌م ئێواره كه من چاوم لێ كرده‌وه له‌جێگای ته‌یاره‌كه وێنه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ جێگای ته‌یاره‌كه‌ی گرتبوه‌وه‌ جا نازانم مه‌نزووریان چی بوو له‌وه ( عاقیبه‌تی خێر بێ) ئه‌م وێنانه‌ له‌ سایتی په‌یامنێره‌وه وه‌ر گیراوه‌ن و بۆ خوێندنه‌و بینینی جه‌نابی وه‌زیری گواستنه‌وه كلیك له سه‌ر ئه‌و لینكه‌ بكه


http://www.peyamner.com/article.php?id=16906&lang=kurdish

ته‌یاره‌ی سلێمانی
ته‌یاره‌ی هه‌ولێر

كورد و تیرۆر؟

یه‌کێک له‌و کۆمه‌ڵگا وژینگانه‌ی که پێمان وابووه تا ئستا به‌ خاوێنی ماوه‌ته‌وه، کوردستان ونه‌ته‌وه‌ی کورد بوو، ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی که دوور بوو له ڕه‌فتاری ناشایست‌ و کرده‌وه‌ی‌ ناله‌بارو دزێوو قێزه‌ون. وه‌ک ئه‌وه‌ی که له چه‌ند ڕۆژی ڕابووردوودا له که‌ناڵی کوردستان تی‌ڤی بڵاو کرایه‌وه. له ڕاستیدا ڕه‌نگه به‌ هه‌موومان خه‌ریک بین نه‌توانین وشه‌یه‌ک یان ڕسته‌یه‌ک بدۆزینه‌وه له‌بار بێت بۆ ناو هێنانی ئه‌و گرووپه وه‌حشییانه‌ی که‌ ئاوا به‌ر بوونه‌ته‌ گیانی لاوانی وڵات و به ناوی جیهاد له‌ڕێگه‌ی خودادا و خودا په‌ره‌ستی و گۆشه نشینی له گۆشه‌ی مزگه‌وت، ئه‌و مزگه‌وتانه‌ی که‌ جاران به که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ نه‌بوونی ڕاده‌ی به‌رزی شعوور کۆمه‌ڵگای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین به‌گشتی و کوردستانی به‌ڵا لێ دراوی ئێمه به تایبه‌تی بوو بووه جێگای خه‌رفاندنی خه‌ڵکی ئه‌وا ئه‌مڕۆ ئێتر به‌ ئاشکرا و به زمانی شێخ و پێشه‌واکانیان به خه‌ڵک گوترا که مزگه‌وت و ته‌كیه‌و خانه‌قا جێگای چ باسه.


شتێکی به‌ ناوی دین و دینێکی که له بنه‌ڕه‌تدا و به ده‌ستی عه‌ره‌ب و بۆ عه‌ره‌ب هاتووه‌ ئێستا بووه‌ته ته‌وقی غه‌زه‌ب و له ملی کورد نابێته‌وه، به داخئیكی گرانه‌وه ئه‌م ڕاستییه له لایه‌ن كورده موسڵمانه‌كانه‌وه شتیكی غه‌یره قابلی قبووڵه و ئه‌گه‌ر كه‌سێك باس له شتێكی له‌م بابه‌ته‌ ده‌كا ئه‌وا خێرا وێژه‌ری ئه‌و بابه‌ته‌ به هه‌زاران ناو و ناتۆره ده‌خرێته ژێر باری هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه، زۆر جار ئه‌گه‌ر نووسه‌رێك بابه‌تێكی له‌م باره‌وه نووسیبێت به توندترین شیوه ڕه‌فتاری له گه‌ڵ كراوه، ته‌نانه‌ت هه‌وڵی كوشتنیشی دراوه. به‌ڵام گه‌رچی توانای ئه‌زمی ئه‌م واقیعه بۆ ئه‌وان زۆر سه‌خت بوو وه یان سه‌خته ئه‌وا ئه‌مڕۆ هێندێك بابه‌ت و به‌ڵگه هاته‌ گۆڕێ كه‌ ئێتر ناتوانن به‌ شێوه‌ی جاران خه‌ڵكی فریو بده‌ن و ته‌كیه‌و خانه‌قاكانیان بكه‌نه كونجی خه‌رفاندن و قه‌ساب خانه‌ بۆ سه‌ربڕینی مرۆژی بێ تاوان و سووكایه‌تی به‌ شه‌ره‌ف و نامووسی خه‌ڵك. بێ گومان تاوانباران هه‌ر وه‌ك شیخ زانای ئه‌رهابی و ئه‌رهابیله‌كانی هاوكاری ده‌بێ وه‌ڵام ده‌ر بن له‌ به‌رانبه‌ر تاوانه‌كانیان.


گه‌لی كورد به درێژایی مێژوو دژی تیرۆر بووه‌و له خه‌باتی دژه تیرۆردا به دایم سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی هه‌بووه، له هه‌مان كاتیشدا گه‌وره‌ترین قوربانی داوه به‌ ده‌ستی ترۆریزمی نێو ده‌وڵه‌تی و تیرۆریزمی ئسلامی، كه نموونه‌مان له‌م بابه‌ته‌وه زۆره، به‌ڵام به داخه‌وه ئێستا ده‌بینین به‌ ده‌ستی مرۆڤی كورد ئه‌م كرده‌وه دزێوانه‌ به‌ڕێوه ده‌چن، بێ گومان ده‌ستی چه‌په‌ڵی دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان بۆ : له‌ لایه‌ك بۆ لكه‌دار كردنی كلتووری كورد و بێ حۆرمه‌تی كردن به‌ مروڤی كورد و مێژووی گه‌لێكه‌‌مان، و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه هه‌وڵدان بۆ له‌به‌ین بردنی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ مێژووییه‌ی كه بۆ كورد ڕه‌خساوه له پشته‌وه‌ی ئه‌م دیارده دزێوه‌دا هه‌یه.


جێی خۆیه‌تی كه بیرێك له كه‌ی و چونیه‌تی دامه‌زران و ده‌ست پێ كردنی كاری تیرۆریستی ئه‌م گرووپه بكرێته‌وه. بێ گومان ئه‌وه‌ی پرۆگرامی ته‌له‌فزیۆنی ئاشكرا كردنه‌كه‌ی دیتبێ، ده‌زانێ كه‌ به‌پێ وته‌ی تیرۆریسته‌كان ئه‌و كاته‌ی كه پارتی و یه‌كیه‌تی له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی خۆ كوژیدا بوون و هه‌ر یه‌ك له‌و دوو زلهێزه كورده كه بۆ دابه‌ش كردنی باشووری كوردستانی دابه‌ش كراو هه‌وڵیان ده‌دا و سه‌دان كوڕه كوردیان به یه‌كتر به كوشت دا، ئه‌و كاته‌ ئه‌م گرووپه نا یاساییه درووست بوون، با هه‌موومان دڵنیا بین كه ئه‌وانه‌ ته‌نیا گرووپێك نین كه له‌و كاته‌دا درووست بوون و به‌و شێوه كار ده‌كه‌ن و چه‌كه‌ره‌‌شیان به‌شێوه‌یه‌ك داكوتاوه كه ئاشكرا كردنیان و له به‌ین بردنیان ‌ كارێكی ئاسان نییه ئه‌گه‌ر هه‌موومان قۆڵی فیداكاری و هاوكاری لێ هه‌ڵنه‌ماڵین.


بۆ نه‌مان و ڕیشه‌كێش كردنی تیرۆر و تیرۆریزم به گشتی و به تایبه‌ت له‌ كوردستانی پیرۆزدا، هه‌وڵێكی هه‌مه‌چه‌شنه‌ هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی ده‌وێت به‌ له‌به‌ر چاوگرتنی هه‌ڵه مێژووییه‌كانمان وه‌كوو كورد به‌ گشتی با هه‌موومان ده‌ست بده‌ینه‌ ده‌ست بۆ ڕیسوا كردنی هه‌ر چه‌شنه‌ شه‌ڕێكی دژی كورد به‌ كورد و پاك كردنه‌وه‌ی دیارده‌ی تیرۆریزم له نێو كۆمه‌ڵگای كورده‌واری.

Sunday, July 17, 2005

به‌ڕێزان به‌هۆی هه‌ڵه‌ی ته‌کنیکیه‌وه بلۆگه‌که‌مان تووشی موشکیله‌یه‌کی گه‌وره هات به‌و هیوایه‌ی بتوانم چاکی بکه‌مه‌وه و بێمه‌وه نێو بلاگاوا.

Click here if need a hIt counter.